گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ڕوانگەیەکی مێژوویی
گۆڕی بەکۆمەڵ بریتییە لە گۆڕێک کە لە یەک تەرم زیاتری تێدا بێت، کە بۆ ناسینەوەی پێویستی بە پشکنینی DNA هەبێت بۆ ئاشکراکردنی ناسنامە یان لە ڕێگەی کەسوکاریان بە نیشانەیەک لەسەر جەستە یان جلوبەرگ یان هەرشتێک وەک کاتژمێری دەستی بناسرێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان گۆڕی بەکۆمەڵی وەک شوێنێکی ناشتن پێناسە کردووە کە لە سێ قوربانی یان زیاتر لەخۆ گرتبێت، گۆڕی بەکۆمەڵ بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەبووە کە بە هۆکاری جیاواز دوای مردنی خەڵکێکی زۆر بەهۆی نەخۆشی یان کوشتنیان دروست دەبێت کە بە هۆکاری جواروجۆر ئارەزووی ناشتنی تەرمی مردووەکانیان بە خێرایی هەبوو.
گۆڕی بەکۆمەڵ لە کاتی ململانێ گەورەکانی وەک شەڕ و تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بەدی دەکرێت، کە زیاتر مەبەستی باسەکەی ئێمە لە خۆ دەگرێت.
گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە درێژایی مێژوو نیشاندەری بەهێز و کارەساتبارن لە ڕووداو گەلێکی پڕ لە تراژدیا و نەهامەتی و تاوانی لەبیر نەکراوەکان، ئەم گۆڕانە نەک تەنها تەرمی مردووەکان لەخۆدەگرن، بەڵکو چیرۆکی تاک بە تاکی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕ و کوشتار و کۆمەڵکوژی و جینۆساید یان پەتایەکی گشتگیر وەک مردنی رەش( تاعون) لە رابردو، هەروەها کارەساتی سروشتییش لە خۆدەگرێت.
بەشێوەیەکی گشتی بە پێی سەردەمەکان گۆری بەکۆمەڵ بەم قۆناغانەی خوارەدا تێپەریوە:.
١. شارستانییەتە کۆنەکان: یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتە کۆنەکان. لە زۆرێک لە کۆمەڵگا کۆنەکاندا، ناشتنی بەکۆمەڵ لە ئەنجامی ناشتنی پاشاکان و ناشتنی هەموو ئەو کەسانەی لەگەڵیدا بوون وەک وەفاداری. هەروەها روودانی شەڕەکان یان کارەساتی سروشتی و پەتای گشتگیر بووە. توێژینەوە شوێنەوارییەکان ئەم جۆرە گۆڕانەیان دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ چۆنیەتی ژیان و ململانێ و قەیرانەکانی ڕابردوو.
٢. سەدەکانی ناوەڕاست: بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەتایبەت مردنی ڕەش لە سەدەی ١٤دا بووە هۆی دروستبوونی سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ. بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشی و زۆری ژمارەی گیان لەدەستدان، ناشتن بە تاک مۆمکین نەبوو.
٣. جەنگە جیهانیەکان: دوو جەنگی جیهانی لە سەدەی بیستەمدا ئاستێکی بێ وێنەی توندوتیژی بەخۆیەوە بینی، لە ئەنجامیدا هەزاران گۆڕی بەکۆمەڵی لێ دروست بوو . ئەم گۆڕانە زۆرجار لە ئەنجامی شەڕ و کوشتاری بەکۆمەڵ یان ئۆردوگا زۆرە ملییەکان و کەمپەکانی سەربازی بووە. وەک جینۆسایدی ئەرمنەکان و هۆلۆکاستی جوەکان.
٤. کوشتنی بەکۆمەڵ: سەدەی بیستەم لە سەرەتا تو کۆتایی شاهیدی چەندین تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید و دژەمرڤایەتی و تاوانی جەنگ بووە کە تیایدا گروپە نەتەوەیی یان ئیتنی و ئاینییەکان کرانە ئامانج. نموونەی وەک کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان و هۆلۆکۆستی جوەکان و ڕواندا، گەلی کورد بەتایبەتی لە کوردستانی عێراق، بۆسنا هرزوگۆڤین، کە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەم تاوانانە وەک بەڵگەیەکی بەهێز و تاڵ بۆ تاوانە ئەنجامدراوەکان ئاماژەی پێدەکرێت.
٥. شەڕ وململانێ ناوخۆییەکان دژ بەستەمکاری و دیکتاتۆریەت: لە سەدەی بیستەمدا گۆڕی بەکۆمەڵ لەو ناوچانە دۆزراوەتەوە کە بەهۆی بەرهەڵەستکاری دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ململانێی ناوخۆیی یان نائارامییەکانەوە خەڵکی مەدەنی بە ژن و منداڵیشەوە تیدا جینۆسایدکران، وەک شەری ناوخۆی ئیسپانیا، باڵکان بەتایبەتی لە بۆسنا وهەرزەگۆڤین و لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
گۆڕە بەکۆمەڵەکان تەنها شوێنی ناشتن نین. هێمای یادەوەری بەکۆمەڵن و زۆرجار دەبنە خاڵی سەرەکی بۆ یادکردنەوە و بیرکردنەوە. لە کاتێکدا کە تاریکترین ساتەکانی مرۆڤایەتی پیشان دەدەن، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی تێگەیشتن لە مێژووی رابردوو دەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە.
گۆرەبەکۆمەڵەکان لە عێراق:
ئاشکرابوونی تاوانەکانی جینۆساید لە ڕێگەی دۆزینەوەی سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ دوای ماوەیەکی کەم لە ئازادکردنی عێراق و ڕووخانی دیکتاتۆری بەعس بووە هۆی ئەوەی لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا عێراق بە “دایکی گۆڕە بەکۆمەڵەکان” ناوزەد بکرێت. یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە ٤ی نیسانی ٢٠٠٣ دۆزرایەوە، تا ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٣ ژمارەی گۆڕی بەکۆمەڵ گەیشتە ٤٠ گۆر تا ٢٤ی تەمموزی ٢٠٠٣ ژمارەکە بۆ ١٧٦ گۆری بە کۆمەڵ بەرزبووەوە. لە ئێستادا 301 گۆڕی بەکۆمەڵ لە 100 شوێن لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراقدا هەیە و 80% لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور چڕبوونەتەوە.
دوابەدوای ڕاپەڕینی کورد لە ساڵی ١٩٩١، دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە، لەوانە قوربانیی هێرشی کیمیاوی لە شێخ وەسان و بالیسان، کە دەکەوێتە گۆڕستانی کارگەی قیر هەولێر. تەنانەت دوای ٢٠ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەڕان بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق بەردەوامە، کە هاوڵاتی بێتاوانی کوردستان و عێراقی تێدایە کە ڕژێمی دڕندەی بەعس هەوڵی قڕکردنی داوە. لە ئەرشیفی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقدا هاتووە کە هێزی هاوپەیمانان گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤ی نیسانی ٢٠٠٣، پێنج ڕۆژ پێش ڕووخانی ڕژێم لە شاری مەدایێن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا.
سەدام حسێن و هاوکارەکانی کە بە دیکتاتۆری سەدە ناسراون، لە کوردستان و باشوور خەڵکی بێتاوانیان کوشت و بێسەروشوێنیان کرد و لە ناو گۆرەبەکۆمەڵەکان زیندە بە چاڵی کردن. کە تاکو ئێستا هەزاران دایک لە چاوەڕوانی کەسوکار و کوڕەکانیانن. زۆرجار بیرم لەوە کردۆتەوە کە مرۆڤەکان چۆن دەتوانن لە خاکێکدا کە سەدان گۆڕی بەکۆمەڵی خەڵکی بێتاوان لە ژێرەوە نێژراون، بە ئارامی بژین و بخەون. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاست ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانەی عێراقدا بێدەنگ بوون و ناساندنی ئەو تاوانەیان وەک جینۆساید لە جیهان پشتگوێ خست.
پێناسەی گۆڕی بەکۆمەڵ:
بە پشتبەستن بە پێناسەی گشتی و نێودەوڵەتی و یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقی ژمارە 5ی ساڵی 2006، هەر گۆڕێک زیاتر لە تەرمێکی تێدابێت، بە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دادەنرێت. زۆربەیان بەبێ پشکنینی DNA ناناسرێنەوە.
قوربانیانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان
بەپێی ڕاپۆرتی بەشی مافی مرۆڤ (CPA)ی ئەمریکی و RCLO کە باسی هەموو قوربانیانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکات لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا، بەشێکی زۆر لە کورد و عەرەب و پێکهاتە ئایینیەکان و نەتەوەکانی دیکەی عێراق کۆمەڵکوژ و جینۆساید کران. شێوازی نامرۆڤانە و دڕندانەی چارەنووسیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دایە. کە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید و پرۆتۆکۆڵی جنێڤە، قوربانییەکان بەم شێوەیە پۆلێن دەکرێن:
1. قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی پاڵە (فەیلی) – 1980
2. قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان – 1983
3. قوربانیانی کیمیابارانی کوردستان – 1987-1988
4. قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە – 1988
5. قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال -1988
٦- قوربانیانی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان و ڕاپەڕینی شیعەکان(شەعبانیە) لە ١٩٩١.
7. زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی. ١٩٦٨-٢٠٠٣
8. دیلەکانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران -1980-1988
9- دیلەکانی داگیرکاری کوێت 1990-1991
10. کەمە ئایینی و نەتەوەییەکان
11. میسرییە ونبووەکان.
پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق، زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە باسیان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ نەکردووە و ژمارەی بێسەروشوێنەکانی عێراقیان بۆ هۆکاری دیکەی وەک شەڕی ئێران و عێراق دەگەڕاندەوە. بەڵام دوای ڕووخانی ڕژیم، هەمان ڕێکخراو و دامودەزگاکان دوای دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئەم ئامارانە دە هێندە زیادی کرد. بۆ نموونه به پێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، له ساڵی 1979 تا ڕووخانی ڕژێم، یەک ملیۆن و 300 هه زار کەس له عێراق بێسەروشوێن بوون و به شێکی زۆریان له گۆرە به کۆمەڵەکاندان.
جگە لە بەڵگەنامەکانی بینراو و بیستراو و خوێنراو، گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک بەڵگە و کەسانێک وەک شایدحاڵ کە تا ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا نەیانوێرا بوو ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن دوو هۆکاری بەهێز بوون بۆ دادگاییکردنی تاوانباران.
Leave feedback about this